02/04/2026
ستیڤن هۆکینگ و "لیستەکەی ئێپستین": کاتێک نەزانی دەبێتە چەکێک بۆ لێدانی زانست
ماوەیەکە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، شەپۆلێکی چەواشەکاری بە ئامانجی لەکەدارکردنی زانای گەورەی فیزیا (ستیڤن هوکینگ) دەستیپێکردووە. بەبێ ئەوەی یەک دێڕ لە دۆسیەکان بخوێننەوە، خەڵکانێک تەنها بەدوای وێنەی دەستکاریگراو و "میم"ی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان کەوتوون.
فەرموون ئەمە ڕاستییەکانە بە بەڵگەوە، تا جیاوازی نێوان "ڕاستی" و "وەهم" دەرکەوێت:
١. بۆچی هۆکینگ لە دوورگەکە بوو؟
ساڵی ٢٠٠٦، هۆکینگ بانگهێشت کرا بۆ دوورگەکە بۆ بەشداری لە کۆنفرانسێکی زانستی دەربارەی "کێشکردن - گرافتی" کە لەلایەن ٢٠ زانای گەورەی جیهانەوە ئامادەکاری بۆ کرابوو. ئەو بۆ "ئاهەنگی سێکسی" نەچووبوو، بەڵکو بۆ سیمیناری زانستی چوو، کە شتێکی باوی ئەو سەردەمە بوو پێش ئاشکرابوونی تاوانەکان.
٢. چیرۆکی وێنەکان چییە؟
ئەو وێنەیەی کە هۆکینگ لە کەنار دەریا دانیشتووە، وێنەی ئاهەنگێکی نانخواردنی (لە ئەمریکا پێی دەڵێن باربیکیو)ـە بۆ زاناکان. ئەو بەشە ڕەشکرایانەی لە وێنەکاندا دەبینرێن "کچی ڕووت" نین، بەڵکو پەرستار و هاوکارەکانی ئەون کە جلوبەرگی ئاساییان لەبەردایە. وێنەکانی "تەختەڕەش" و "کورتەباڵاکان" بە تەواوی دروستکراوی ژیریی دەستکردن (AI) و هیچ بنەمایەکیان نییە.
٣. ناوھێنان لە بەڵگەنامەکاندا
ناوی هۆکینگ لە دۆسیەکەدا هاتووە، بەڵام چۆن؟ جێفری ئێپستین لە ئیمەیڵێکدا دەڵێت: "پاداشتی هەر کەسێک دەدەم بیسەلمێنێت کە تۆمەتی بەشداربوونی هۆکینگ لە ئاهەنگەکان درۆیە."
واتە: ئێپستین دانی بەوەدا ناوە کە بەهۆی دۆخی جەستەیی هۆکینگەوە (کە توانی جوڵەی نەبووە)، مەحاڵە کاری لەو جۆرەی کردبێت و تەنها ویستوویەتی وەک بەڵگەیەک بەکاری بهێنێت بۆ پووچجەڵکردنەوەی سکاڵای کچەکان بەرامبەر کەسانی تر.
کۆتایی:
زۆر ئاسانە مرۆڤ بەدوای دەنگۆیەک بکەوێت کە لەگەڵ ئایدۆلۆژیاکەیدا دەگونجێت، بەڵام ئەرکی مرۆڤی هوشیارە کە لێکۆڵینەوە بکات.
ستیڤن هۆکینگ لە کتێبی (ثقوب سوداء وأكوان طفلة - ومقالات أخرى) وەڵامێکی نایابی هەیە بۆ ئەو کەسانەی عەقڵ و بەڵگە فەرامۆش دەکەن و تەنها شوێن قەدەر و قسەی باو دەکەون، دەڵێت:
"تێبینیم کردووە تەنانەت ئەو کەسانەشی بانگەشەی ئەوە دەکەن کە هەموو شتێک قەدەرە و لەپێشتر دیاری کراوە (نووسراوە) و ئێمە ناتوانین هیچ شتێک بگۆڕین، هێشتا سەیری هەردوو لای خۆیان دەکەن پێش ئەوەی لە شەقامەکە بپەڕنەوە."
واتە: مرۆڤ کاتێک دێتە سەر ژیانی خۆی، پشت بە عەقڵ و بینین دەبەستێت، بەڵام بۆ دژایەتی زانست پەنا بۆ ئەفسانە دەبات.
تکایە پێش ئەوەی هەر شتێک شەیر بکەیت، تەنها یەک خولەک بیر بکەرەوە و سێرج بکە.